زێلێنسکی: هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیادیان کردووە
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دوای ئاگربەست بە بۆنەی جەژنی ئیستەر، ناسراو بە ڕۆژی هەستانەوەی مەسیح، هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا زیادیان کردووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هێرشەکانی ڕوسیا نوسیوویەتی، لە کاتێکدا دەبوو لە جەژنی ئیستەردا شەڕەکان هێور ببنەوە، بەڵام ڕوسیا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە، هەروەها شێوازی هێرشەکانی گۆڕیوە، لەبری شەڕ هێرشی قورسی دەستپێکردووە، بە مەبەستی شکاندنی هێڵی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا.
هەروەها ڤادیم ڤیلاشکین، پارێزگاری ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەڵێت، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کراماتۆرسک کە بە " پشتێنەی بەرگریی ئۆکرانیا" ناسراوە، سێ کەس کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیاش ڕایگەیاندووە، لە ئێوارەی ڕۆژی 2ـی نیسانی ،2026 لە کۆی 542 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 515 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە کۆی 37 موشەک 26 مووشەکیان خستووەتە خوارەوە.
یێڤگنی بێلێتسکی، پارێزگاری ناوچەی زاپۆریژیا کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیایە گوتی، هێرشێکی ئۆکرانیا بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەو ناوچانەی کە لەلایەن مۆسکۆوە کۆنترۆڵکراون و تیمەکانی فریاگوزاری کار بۆ چاککردنەوەی زیانەکان دەکەن.