دوای تۆمارکردنی زیاتر لە 100 حاڵەتی ژەهراویبوون لە یەکێک لە خواردنگەکانی زاخۆ، لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری داخستن و سزادانی خاوەنەکەیان دا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە سەرپێچییە تەندروستییانە.
بە بڕیاری قایمقامیەتی زاخۆ، خواردنگەیەک بە داخستن بۆ ماوەی 45 ڕۆژ و هەروەها بڕی 500 هەزار دینار سزادرا.
ئەمیر عەلی گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە میدیاکانی ڕایگەیاند، هۆکاری داخستنی خواردنگەکە بوونی خواردنی ناتەندروست بووە.
گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، پاش لێکۆڵینەوەکانیان، ڕاپۆرتە تەندروستییەکان دەریانخستوە، مایۆنیز و سەوزەی خواردنگەکە بەکتریاویی بوون و شیاوی بەکارهێنان نەبوون.
ئەو بڕیارە دوای ئەوەدێت لە 22ـی ئەم مانگەدا، 110 کەس لە زاخۆ بە هۆی خواردنی یەکێک لە خواردنەگەکان، ژەهراویی دەبن و باری تەندروستییان تێکدەچێت. دوای پشکنینەکان دەرکەوت هۆکاری ژەهراوییبوونەکە، خواردنی ئەو خواردنگەیە بووە.