دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە هێرشەکانى ناوچەکەى کردووە بە دۆزەخێکى ڕاستەقینە و ئیسرائیل هەڕەشە لە ئاشتى ناوچەکە دەکات.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنى پارتەکەى لە پەرلەمانى تورکیا گوتیشى: ئەمریکا و ئیسرائیل مافی ئەوەیان نییە هێرش بکەنە سەر وڵاتێکی دیکە، هەربۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕۆڵى خۆیان ببینن بۆ کۆتایهێنان بە گرژییەکانى ناوچەکە.
دەشڵێت: هیچ لایەن و وڵاتێک چاوەڕێی ئەوەمان لێنەکات واز لە قوبرس بهێنین، چونکە قوبرس پرسێکی نیشتمانییە بۆ ئێمە .
باسیلەوەشکرد: جگە لە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئارامی و خۆشگوزەرانی نەتەوەکەمان، بەرپرسیارێتیمان لەسەرشانە بەرامبەر کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و هەموو مرۆڤایەتی.
ئەوەشیخستەڕوو: وەک چۆن باوباپیرانمان ئەو نەخشانەی کە لەسەر مێزەکانی ئیمپریالیزم کێشران لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەردا دڕاند، ئێمەش دیسانەوە دەیاندڕێنین.
ئاماژەى بەوەشکرد: جەخت لەوە دەکەینەوە ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە پێمان وایە لە جەنگدا هیچ لایەک سەرکەوتوو نابێت.