هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شاری مەشهەد، بە هەڵکوتانە سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان، هونەرمەند سوهەیلا حوسێنی و هاوسەرەکەی دکتۆر ئەحمەد ڕەحیمییان دەستگیر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە .
سوهەیلا حوسێنی لە بواری شێوەکاری و مۆنتاژدا چالاکە. ناوبراو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرکوتکارییەکان، دەستی لە پۆستەکەی کێشابووەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، لەبەردەستدا نییە.
هاوکات لە شاری هەمەدان، هێزە ئەمنییەکان ئەفسانە ڕووزبەهانی و کچەکەی بە ناوی بێهنووش دەرواشییان لە کاتی سەردانیکردنی گۆڕی بێهنام ڕازی، بەبێ بوونی هیچ فەرمانێکی دادوەری دەستگیر کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ زیندانی شاری مەلایەر گواستراونەتەوە.