غوڵامحسێن موحسین ئەژەیی، فەرمانی بە ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان کرد کە بە شێوەیەکی تایبەت و نائاسایی دۆسیەی ئەو کەسانە یەکلایی بکاتەوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بەشدارییان کردووەو بە سوپای زەمینی دوژمن تۆمەتباری کردوون.
غوڵامحسێن موحسین ئەژەیی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، داوای کردووە دوور لە ڕێکارە یاساییە باوەکان لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆتایی پێ بهێنرێت و لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی لێ پرسینەوە، لێکۆڵەرەکان بچنە ناو زیندانەکان.
جەختی لەوەشکردووە، پێویستە دەست بە سەر هەموو ماڵ و موڵکی ئەم تاوانبارانەدا بگیردرێت و هیچ نەرم و نیانییەک نیشانەدرێت، گوتیشی، بیانووی بێئاگایی لە کەس وەرناگیرێت و ڕێکارە یاساییەکان وەک خۆیان ئەنجامدەدرێن.
ئەم هەنگاوە لە لایەن چالاکوانانی سیاسی وەک هەوڵێک بۆ یاساییکردنی سەرکوتی خێرا و بێبەشکردنی دەستگیرکراوان لە کەمترین مافی بەرگری و ڕێکارە یاساییەکان پێناسە دەکرێت.