ڕاستەوخۆ

دۆناڵد ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە کوشتارەکانی ئێران ڕابگیرێت

reset font size increase font size

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی‌دا کە ئەگەر ئێران مەرجەکانی واشنتن قبووڵ نەکات، ئەوا هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە بۆردومان دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، نوێنەرانی وڵاتەکەی سبەی دەگەنە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئێران.

ترەمپ لە بارەی شاندەکەی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، جەى دی ڤانسى جێگری بە هۆكاری ئەمنیی سبەینێ ناچێت بۆ پاكستان.

ترەمپ هاوکات، هەڕەشەی توندی کرد و گوتی، ئەگەرتاران پێشنیازە "دادپەروەرانە و ژیرانەکەی" ئەمریکا قبوڵ نەکات، سەرجەم ژێرخانەکانی وزە و گواستنەوەی ئەو وڵاتە وێران دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و نووسی، ئێران دوێنێ لە گەرووی هورمز تەقەی کردووە، کە ئەمە پێشێلکارییەکی تەواوی ڕێککەوتنی ئاگربەستە. ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێک لەو گوللانە ئاراستەی کەشتییەکی فەڕەنسی و کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی کراون؛ ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک باش نەبوو."

ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا، گاڵتەی بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز کرد و گوتی: "ئێران دەڵێت گەرووەکە دادەخات، کە ئەمە سەیرە! چونکە گەمارۆکانی ئێمە بە کردەیی گەرووەکەی داخستووە".

سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئێرانییەکان بێ ئەوەی بزانن یارمەتیی ئێمە دەدەن و لە ڕاستیدا تەنیا خۆیان زەرەر دەکەن، کە ڕۆژانە دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار".

ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، ئەگەر تاران ڕێککەوتنەکە ڕەت بکاتەوە، ئەو کارە دەکات کە لە 47 ساڵی ڕابردوودا سەرۆکەکانی دیکە نەیانکردووە و گوتی، "بۆ من جێگەی شانازی دەبێت کە کارە پێویستەکە ئەنجام بدەم و کاتی ئەوە هاتووە ماشێنی کوشتاری ئێران ڕابگیرێت."

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.