لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، بە مەبەستی بەرز نرخاندنی ڕەنجی ژنان و بڕەودان بە بەرهەمە دەستی و هونەرییەکان، دووەمین دیداری "ژن، ڕەنج و چاند و هونەر" ڕێکخرا.
لەم دیدارەدا کە لە مەیدانی شێخ سەعید بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دەستڕەنگین و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، چالاکوانان، نوێنەرانی سەندیکاکان بەشدارییان تێدا کرد.
بەشداربووان بە جلی کوردی و بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن ژیانە، ژیان خۆبەڕێوەبردنە"، جەختیان لە ڕۆڵی کارای ژنان لە کۆمەڵگەدا کردەوە.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، چەندین ستاند بۆ نمایشکردنی بەرهەمە جۆراوجۆرەکان کرانەوە. ژنان بەرهەمە دەستییەکانی خۆیان لەوانە؛ چنین، وێنەکێشان، کەلوپەلی ڕازاندنەوە و خواردنە ڕەسەنە کوردییەکانیان نمایش کرد کە سەرنجی ئامادەبووانیان ڕاکێشا.
جگە لە ناساندنی بەرهەمەکان، ژنان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی و دەربڕینی خۆشییەکانیان، کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشیان بۆ مەیدانەکە دروست کرد.


