لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا، و دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، سبەی یەکەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێکانی لە شارۆچکەی توێنەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەم کاروانە لەلایەن نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، و کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانییەوە تەواو کراون، و بڕیارە ٦٤٧ خێزان لە یەکەم کارواندا بگەڕێنەوە.
مەحمود جەمیل، گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، بە "نووچە تیڤی" ڕاگەیاند کە سبەی کاتژمێر ٨ی بەیانی، یەکەم کاروانی ئاوارەکانی کامپی واشوکانی دەگەڕێنەوە شارەکەیان.
هاوکات، بڕیارە لە کاتی گەڕانەوەدا هەر خێزانێک بڕی دوو هەزار دۆلار وەک قەرەبوو وەرگرێت، و ئەرکی پاراستنی ئاوارەکانیش لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە ١٣ هەزار خێزانی ئاوارەی سەرێکانی لە کامپەکانی واشوکانی، نەورۆز و سەرێکانی چاوەڕێی گەڕانەوە دەکەن.