ماڵپەڕی دزێنی ڕوسی ڕایگەیاند، زانایانی ڕوسیا لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای "نانۆ"وە، دەستکەوتێکی پزیشکیی ناوازەیان دۆزیوەتەوە و جۆرە لەزگەیەکی زیرەکیان بەرهەمهێناوە کە دەبێتە جێگرەوەی دەرزی، ئەم داهێنانە نوێیە مژدەی کۆتایی هاتنی ترس و ئازاری دەرزی لێدان بە نەخۆشەکان دەدات.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، لەزگەکان زۆر تەنک و وردن، ئامێری هەستەوەر و میکانیزمێکی مایکڕۆسکۆپییان تێدایە، داهێنانەکە لە ڕیگەی چەندین دەرزی زۆر بچووکەوە کە بە چاو نابینرێن دەرمانەکە بە شێوەیەکی پلەبەندی و ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە ئەو شوێنەی جەستە کە پێویستییەتی، ئەوەی سەرنج ڕاکێشە نەخۆش هەست بە ئازار ناکات.
ئەوەش هاتووە، زانایان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی پێست، سوودیان لە "تەزووە گەلفانییەکان" وەرگرتووە. ئەم تەزووانە دەبنە هۆی چالاککردنی سووڕی خوێن و لیمف لە ناوچەی مەبەستدا، ئەمەش وا دەکات شانەکانی جەستە بە خێراییەکی زۆرتر دەرمانەکە بمژن.
داهێنانەکە ئێستا لە قۆناغی تاقیکارییە، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا شۆڕشێک لە چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان دروست بکات بەتایبەت بۆ نەخۆشانی شەکرە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەرزی ئەنسۆلین، نەخۆشانی شێرپەنجە بۆ گەیاندنی دەرمانە ئازارشکێنە بەهێزەکان بە شێوەی درێژخایەن، هەروەها بۆ ڕێکخستنەوەی ئاستی هۆرمۆن لە جەستەدا بەبێ پێویستی بە دەرزی ڕۆژانە.
ئەم هەنگاوەی ڕوسیا، جیهان نزیک دەکاتەوە لە قۆناغی "پزیشکیی بێ ترس"، کە تێیدا چارەسەرە ئازاربەخشەکان تەنیا دەبنە یادگارییەک لە مێژوودا.