وا بڕیارە ئەمڕۆ لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، گەڕی سێهەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت.
ئەم دانوستانە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا، تابێت پێگە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات و ژمارەیەک وڵاتیش هۆشداریان داوە بە هاوڵاتیانیان کە ئێران بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسیی شەڕەوە.
ئەمڕۆ ئەمریکا پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا، ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە ٣٠ کەس و کۆمپانیا و کەشتیی ئێرانی دەگرێتەوە.
ئەمریکا دەڵێت، ئەو کەشتیانە کۆمەڵێک کەشتیی سێبەرن، کە نەک تەنها بەنزین بۆ سوپای پاسداران دابین دەکەن، بەڵکو موشەکی بالیستیک و چەکی پێشکەوتووی دیکەش دەگوازنەوە و بە "چەتەی دەریایی" ناویان دەبات.
جگە لە 12 کەشتی، سزاکە چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەک دەکەنە ئامانج.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئێران فرۆشتنی نەوت بە نایاسایی بۆ دابینکردنی پێکهاتەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پشتیوانیکردنی "بریکارە تیرۆریستییەکانی" بەکاردێنێت.
خولەکانی پێشووی دانوستانەکان چییان بەدەستهێنا؟
ئەمریکا و ئێران دوو خولی پێشووی دانوستانی دیپلۆماسییان ئەنجامداوە، بەڵام نەگەیشتونەتە هیچ ڕێکەوتنێک، ئەمڕۆ خولی سێیەمی دانوستانەکان دیاری دەکات کە ئایا بناغەی ڕێکەوتنیان داناوە، یاخود تەنها کاتیان کڕیوە بۆ ئامادەکاری سەربازی.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی پیشوو، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە “ئەرێنی” و لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بە “زۆر باش” وەسف کران.
لەگەڵ ئەوەشدا عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا لەوەی کەشوهەوای "بێ متمانەیی" هەبووە.
ئەمریکا هەوڵیدا بابەتی کۆگای مووشەکی ئێرانیش دانوستانەکان بگرێتەوە، ئێرانیش ڕایگەیاند، کە ئامادەیە تەنها باس لە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان و پیتاندنی یۆرانیۆمی سفر قبوڵ ناکات.
ئەمڕۆ چاوەڕوانی چی بکەین؟
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا و جارێد کوشنەر زاوای سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرکردایەتی تیمی دانوستانەکان دەکەن.
عێراقچی ڕایگەیاندووە، ئێران دانوستانەکان بە ئیرادەیەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و لە کورتترین ماوەدا تەماشا دەکات.
بڕیارە تاران پێشنیازێک بخاتەڕوو بۆ کەمکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و نیشانی بدات، کە بە دوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت.
ترەمپیش هۆشداریی داوە لە ڕوودانی "شتی زۆر خراپ" ئەگەر ئێران بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ڕازی نەبێت.