دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا: بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ تورکیا بە ١٨هەزار و٤٦٤ سکاڵا یەکەم وڵاتە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ژمارەی سكاڵاکانی سەر تورکیا بە بەروارد بە ساڵی ٢٠٢٤کە بریتی بوو لە ٢١ هەزار و ٦٠٠ سکاڵا کەمیکردووە بەڵام ، ئەو وڵاتە هێشتا لە پلەی یەکەمدایە لە ژمارەی داواکارییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆربەی ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون پێکدێن لە دەستبەسەرکردن ، دەستگیرکردن و دادگایی کردن، زۆرینەشیان پەیوەندییان بەو ڕێکارانەی ئەنقەرەوە هەیە کە دوای کودەتاکەی ١٦ی تەمموزی ٢٠١٦ گرتوویەتەبەر.
دادگاکە دەڵێت: بەگوێرەی پەیماننامەی مافی مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڕیاری کۆتایی بۆ ٧٤ کەیسی کەسی و گروپی دەرکراوە.
باس لەوەش دەکات ، زۆرینەی پێشێلکارییەکان پەیوەندییان بە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەوە هەبووە هەروەها، مافی ئازادی و ئاسایش لە پلەی دووەمدا بووە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەیماننامەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٦٥٠ سکاڵای نوێ دژ بە تورکیا تۆمارکراوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە زۆربوونی سکاڵا لەسەر یانە وەرزشییەکانی تورکیا داوە و دەڵێت: دادگای مافی مرۆڤ نزیکەی ٦٠ داواکاری سەبارەت بە سەربەخۆیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لەبەردەستدایە. لە بڕیارێکدا کە سەرەتای ئەم مانگە دەرکراوە، دادگاکە بڕیاریدا کە تەنها سەربەخۆیی دەستەی ناوبژیوانی بەس نییە.