وەزیری نەوتى پاکستان ڕایگەیاند، حکومەت ناچار بووە نرخی بەنزین و گازوایل بەرزبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی داخستنى گەرووی هورمزوە.
پەروێز مالیک، وەزیری نەوتى پاکستان بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، حکومەت پلانی هەیە سوتەمەنى بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ ماتۆڕسکیلەکان دابین بکات، هەرچەندە هێشتا میکانیزمەکە بە کۆتایی نەهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیادکردنی نرخەکان بووەتە بابەتێکی حاشا هەڵنەگر و حکومەت ناچارە نرخی بەنزین بە بڕی 137 ڕوپیە کە دەکاتە 49 سەنت بۆ هەر لیترێک بەرزبکاتەوە، نرخی گازوایلیش بۆ 184 ڕوپیە کە دەکاتە 67 سەنت بۆ هەر لیترێک بەرزبکاتەوە، بەوەش نرخی سوتەمەنی دوو هێندە بەرزبووەتەوە لە وڵاتەکە.
لە پاکستان ڕێژەی ماتۆڕسکیل بەراوورد بە ئۆتۆمبێل زیاترە و نزیکەی 78%ـی کۆی ئامرازەکانی گواستنەوە لەسەر شەقامەکان پێکدەهێنن، چونکە بە یەکێک لە هەرزانترین ڕێگەکانی گواستنەوە دادەنرێن.
ڕێگەنەدان بە تێپەڕبوونى کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووى هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە، نرخى سوتەمەنى لە بازاڕەکانى جیهاندا زیادکردووە و لەئێستادا نرخى بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 111 دۆلارە.