سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "بەهۆی پەیمانشکێنی ئەمریکا لە بەردەوامیی گەمارۆدانی سەر بەندەرەکانمان، جارێکی دیکە گەرووی هورمزمان داخستەوە".
گوتەبێژی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر و بە نیازپاکییەوە، ڕێگەی دابوو ژمارەیەکی سنوردار لە کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی گەمارۆی ئەمریکاوە گەرووەکەمان داخستەوە".
سوپای پاسداران، ئەمریکییەکان بە "ڕێگری و چەتەیی لەژێر ناوی گەمارۆدانی بەندەرەکاندا" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێشوو و ئێستا ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە لەژێر بەڕێوەبردن و چاودێریی توندی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە.
ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا کۆتایی بە ئاستەنگەکانی بەردەم هاتوچۆی کەشتییەکان بەرەو بەندەرەکانی ئێران و بە پێچەوانەشەوە نەهێنێت، گەرووی هورمز بە داخراوی یان لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی ئێراندا دەمێنێتەوە.