گرووپی حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە بە بەکارهێنانی درۆن، هێرشێکی وردیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی "ئارامکۆ" لە ناوچەی جازانی باشووری ڕۆژئاوای سعودیە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی وزەی سعودیە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکەی لە دامەزراوەکەدا بە بێ هیچ زیانێکی گیانی پشتڕاستکردەوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە بە درۆن پاڵاوگەی ئارامکۆ لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بپێکن، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشە لە وەڵامی بەزاندنی ئاسمانیی پارێزگاکانی سەعدە و حەججەدا بووە لەلایەن درۆنەکانی سعودییەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ئارامکۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەرییەکی ماددیی درێژخایەنیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و دۆخی دارایی کۆمپانیاکە نییە و بەپەلە ڕەوشەکە ئاسایی کراوەتەوە. پاڵاوگەی جازان کە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، ناوەناوە لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجی ئەم پەلامارانە.
ئەم پێشهاتە سەربازییە تەنیا دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە ریاز پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و پاکستان واژۆ کرد، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتان، وەک هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.