ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان جەخت لە سەر مانەوەی چەکەکانیان وەک هێزێکی بەرگریی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تەنها بە مەرجی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باشوری ئەو وڵاتە، پرۆسەی سیاسی بەرەو پێش دەچێت.
نەعیم قاسم، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک چەکەکانیان ڕادەست ناکەن و هەموو جۆرە دانوستاندنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکەنەوە. هەروەها گوتیشی، حزبوڵڵا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی خاکی لوبنان.
نەعیم قاسم دەشڵێت، نابێت سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە سەرجەم دانیشتوانی باشوری لوبنان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاوکات ئاشکرایشی کردووە، بەبێ هەوڵەکانی ئێران دروستبوونی ئاگربەست لە لوبنان مەحاڵ بووە و ئامۆژگارییەکیشی ئاڕاستەی حکومەتی لوبنان کردووە و دەڵێت، پێویستە لایەنەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دانوستان بکەن.