رۆژنامەی جمهورییەتی توركیا، ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن به هەنگاوێکه بۆ بەفەرمیی ناساندنی پێگەی رۆژاڤا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لێکدایەوە.
رۆژنامهكه، هەڵسەنگاندنی لەبارەی بەشدارییکردنی نوێنەرایەتی رۆژاڤای کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وێنەیەکی نوێی بۆ ناوچەکە کێشا، تێیدا مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەک شاندێکی فەرمی ئامادەی بوون.
جمهورییەت نووسیویەتی، خاڵی هەرە هەستیار بۆ تورکیا، لێدوانەکانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بوو کە رایگەیاندبوو، ئێمە هەسەدە وەک هاوبەش دەبینین، نەک دوژمن، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی بۆ ئەم کۆنفرانسە نەنارد و بەرپرسانی دیکەشی لە پانێڵی سوریا کشاندەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دۆخە تورکیای خستووەتە بەردەم ئەمری واقع، چونکە ئەو کەسانەی ئەنقەرە بە "تێرۆریست" ناویان دەبات، ئێستا وەک نوێنەری فەرمی، لەگەڵ واشنتن و ریاز گفتوگۆ دەکەن.
