شوان محەمەد سەرۆکى ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا و میدیا- جاسەنە ڕایگەیاند: هەندێک ڕووماڵى میدیایی دەکرێت کە درێژکردنەوەی هاوشێوەى وتاری شەڕی ناوخۆیە؛ بەڵام بە ئامرازە نوێیەکانی ڕاگەیاندن.
گوتیشى: لە کاتێکدا ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی جەنگدا دەگوزەرێت، هەندێک میدیا لەبری پەیڕەوکردنی بنەماکانی کاری میدیایی، بوونەتە سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
دەشڵێت: ئەو ڕەفتارەی ئەم کەناڵانە ئەنجامى دەدەن هیچ نییە، جگە لە قۆستنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و مەرامی تایبەت.
ئەوەشیخستەڕوو: ئەم جۆرە لە ڕووماڵە درێژکردنەوەی وتاری شەڕی ناوخۆیە بە ئامرازە نوێیەکانی ڕاگەیاندن، کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تا ئێستاش بەسەر جەستەی کوردەوە دیارە.
باسیلەوەکرد: لێرەوە داواکارین لە سەرجەم ئەو کەناڵانەی بەم شێوازە کار دەکەن، شێوازی ڕووماڵکردنیان بەو جۆرە ڕابگرن، لە بەرامبەردا ناچار دەبین ناوی ئەو کەناڵانە بۆ ناوەندە جیهانی و ناوخۆیییەکان بڵاو بکەینەوە.