ڕاستەوخۆ

جارێکی دیکە جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە

reset font size increase font size

جارێکی دیکە ئاگر لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەربووەوە و جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە تاران دەستپێشخەربوو لە هێرشەکاندا.

ئەم دۆخە نوێیە تەنیا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەماوەتەوە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەی سەر بە "میحوەرەکە" بەتایبەت حوسییەکانی یەمەن هاتوونەتە ناو هێڵەکەوە.

ئێران قۆناغی هەڕەشەی تێپەڕاند

دوای چەندین هۆشداریی بەردەوامی تاران لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان و حزبوڵا، دواجار ئێران لە قۆناغی هەڕەشەی ڕاگەیاندن هاتە دەرەوە و چوار زنجیرە هێرشی موشەکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەنها لە شەوی ڕابردوودا، ئێران بە بەکارهێنانی زیاتر لە ١٠ موشەکی بالیستی هێرشیکردووەتە سەر چەندین شاری جیاوازی وڵاتەکەیان و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکان لێدراوە.

ئاژانسی "تەسنیم"ی نزیک لە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، کە لەم هێرشانەدا موشەکی پێشکەوتووی جۆری "خیبەرشکن" بە کڵاوەی هێشوویی بەکارهێنراون.

وەڵامە توندەکەی ئیسرائیل

هێرشەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بێ وەڵام نەمانەوە؛ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردە سەر چەندین پێگەی سەربازی لە تاران، ئەسفەهان، تەبرێز و کەرج.

 میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە ناوچە نیشتەجێبووەکانی تاران نەپێکراون، بەڵام ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران ڕایگەیاند کە دەنگی لانی کەم دوو تەقینەوەی گەورە لە پایتەخت بیستراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل و میدیا دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ئامانج لە ناوچەی پترۆکیمیایی لە "ماهشەهر" لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران.

بەهۆی ئەم هێرشەوە زیان بە کۆمپانیای پترۆکیمیایی "کارون" گەیشتووە و فەرمانی بە چۆڵکردنی بەپەلەی سەرجەم کارمەندان دراوە.

بەهۆی ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییانەوە، ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران ڕایگەیاند کە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی "مێهرئاباد" و "ئیمام خومەینی" لە تاران تا کاتێکی نادیار هەڵوەشاونەتەوە.

حوسییەکانی یەمەن هاتنە ناو شەڕەکەوە و ئیسرائیل غەززەی قفڵ کرد

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تاران، حوسییەکانی یەمەن بە فەرمی ڕایانگەیاند کە بە موشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی "یافا" لە تەل ئەبیب.

 حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا "قەدەغەکردنی ڕەها و تەواو"ی هاتووچۆی دەریایی ئیسرائیلیان لە دەریای سوور ڕاگەیاند و گوتیان: "لە بەرامبەر گەمارۆی سەر غەززە و لوبنان بێدەنگ نابین."

هەڵوێستی ئەمریکا و ئاستەنگەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕێکی چەند ڕۆژە و فراوانتر ئامادە دەکات.

 بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پینتاگۆن" بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا هیچ بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێراندا نەکردووە.

مایک هاکبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، هێرشەکانی ئێرانی بە توندی ئیدانە کرد و لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "دایکی شەیتان لە تارانە و دەیەوێت ئەمریکا و ئیسرائیل لەناو ببات."

بەڵام لەسەر ئاستی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بنیامین نەتانیاهۆ کردبوو کە دان بەخۆیدا بگرێت و دەرفەت بە دانوستانەکان بدات، چونکە واشنتن و تاران لە ڕێککەوتن نزیک بوون.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند: "ئێران و ئیسرائیل هێرشی خوێناوییان کردووەتە سەر یەکدی، پێویستە کۆتایی بەم گرژییانە بهێنن."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.