ڕاستەوخۆ

تەڤگەری ئاپۆیی: بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە یەکەمین ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا ڕایگەیاند، گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، تەنها بە دیاریکردنی پێگەی سیاسی و یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بە کردار هەنگاونانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستەبەر دەبێت.

reset font size increase font size

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە بە بۆنەی ساڵیادی 12ـیەمین کۆنگرەی پەکەکە لە ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئایاری 2025 بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئاپۆیی جەختی لەوە کردەوە، ئەوان وەک لایەنی کورد هەموو ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی پەکەکە، کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی لە ناوخۆی تورکیا و تەنانەت سوتاندنی چەکەکانیان لەلایەن فەرماندە باڵاکانەوە.

مستەفا قەرەسو و سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامانی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ئاماژەیان بەوە کرد، سەرەڕای کێشانەوەی هێزەکانیان بۆ دەرەوەی سنوور، دەوڵەتی تورکیا هێشتا هەنگاوی یاسایی پێویستی بۆ چارەسەریی نەناوە.

تەڤگەری ئاپۆیی دەڵێت، ئۆجالان لایەنی سەرەکیی و فەرمیی دانوستانەکانە، بەڵام شێوازی ئێستای مامەڵەکردنی دەوڵەت لەگەڵیدا، تەنیا بە چاوپێکەوتنی جارجارەی شاندەکان سنووردار کراوە، ئەمەش ناتوانێت کێشە سەد ساڵەییەکەی نێوانیان چارەسەر بکات.

هەروەها داوا دەکەن، زەمینەی خەباتی ئازاد بۆ ئۆجالان بڕەخسێنرێت تا بتوانێت ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆی بگێڕێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هەندێک لە سەنگەرەکانیان بەهۆی ئەگەری ڕودانی پێکدادان چۆڵ کرد، هەندێک لەو بەرپرسانەی میت کە 2017 لە لایەن هێزەکانیان دەستگیرکرابوون، ڕادەست کرانەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەم پرۆسەیەدا لە ئیمرالی چەند چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام دران و تەرمی هەندێک لە شەهیدەکانیان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا وەرگرتووەتەوە. بەڵام جگە لەم بابەتانە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیاوازتر نەنراوە.

تەڤگەری ئاپۆیی هۆشداریدا، لێدوانە گەشبینەکانی بەرپرسانی ئاکەپە و پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ڕاستی کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا یەکناگرنەوە، چونکە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان جێبەجێ نەکراوە و بەڵێنی دەرکردنی یاسای نوێ بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و گەڕانەوەی گەریلاکان وەک خۆی ماوەتەوە.

تەڤگەری ئاپۆیی جەخت دەکاتەوە، بە بێ‌ دیاریکردنی پێگەی یاسایی ئۆجالان، پڕۆسەکە بە بنبەست دەگات.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئاپۆیی بەم شێوەیەیە:

بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی؛

ئێمە ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژانی 5 تا 7ی ئایار، واتە لە ساڵوەگەڕی 12هەمین کۆنگرەی پەکەکەدا ڕێک دەخەین. ساڵێک بەسەر بڕیارەکەماندا تێپەڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا. دەمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین, کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا چی ڕویداوە. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، تەڤگەری ئازادی چی کردووە و دەوڵەتی تورک چی کردووە؟ هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، کە لە لای ڕای گشتی جێگەی پرسیارن.

ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازەکەی ڕۆژی 27ی شوباتی 2025ـدا، ئەو هەلومەرج و هۆکارانەی خستەڕوو، کە بوونە هۆی بەرەوپێشچوونی پەکەکە. ڕێبەرایەتی، بە پشتبەستن بە دەرەنجامی ئەو پێشهاتانەی کە لە ماوەی 50 ساڵدا هاتنە ئاراوە، لە پەکەکەی خواست کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا بهێنێت. تەڤگەرەکەمان لە دوای ئەم بانگەوازە، لە 1ی ئاداردا ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند.

دوای ئەم بانگەوازە، زۆر لایەن و کەسایەتی پێیان وابوو، پەکەکە پابەند نابێت. بەڵام پەکەکە، کە وەک تەڤگەرێکی سەر بە ڕێبەرایەتی سەری هەڵداوە و لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی تێکۆشان دەکات و پێش دەکەوێت، لە ماوەیەکی کورتدا کۆنگرەی خۆی بەست. پەکەکە بێ دوودڵی بانگەوازەکەی ڕێبەرایەتی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیدا و کۆتایی بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا هێنا. لە ئەنجامدا گوترا کە تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارانە بخاتە بواری کردەییەوە و وەک دانوستانکاری سەرەکی، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوە ببات.

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیموکراتیک ڕێگە بۆ چارەسەری پرسی کورد خۆش بکات، ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی 1993ەوە تا ئەمڕۆ چەندین جار ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندووە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی چارەسەریی خستووەتەڕوو و بە شێوەیەکی وا لۆژیکی مامەڵەی کردووە، کە تا ئێستا لە جیهاندا نموونەی نەبووە. بەڵام دەوڵەتی تورک، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا خاوەنی هیچ جۆرە چارەسەرێکی سیاسی نەبوو، ئەم هەوڵانە بێ ئەنجام مانەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و هاوبەشی دەسەڵاتی ئێستا، لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024دا بانگەوازێکی کرد. ڕێبەر ئاپۆش بەو ئەگەرەی کە ڕەنگە ئیرادەی چارەسەری لە ناو دەوڵەتدا دروست بووبێت، وەڵامێکی ئەرێنیی ئەو بانگەوازەی دایەوە.

ڕێکخراوەکەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیدا
تەڤگەری ئازادی، لەبەر ئەوەی بڕوای بە هێزی چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، بڕیاری زۆر بوێرانەیدا، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. تەنها هەنگاوی گەورەی لەم شێوەیە دەتوانن ڕێگە بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیک بکەنەوە. لەم بابەتەدا ویستمان ئیرادە و پێداگریی خۆمان نیشان بدەین. لەبەر ئەوە، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە 11ی تەممووزی 2025 لەگەڵ 30 لە هەڤاڵانی گەریلادا چەکەکانی خۆیان سوتاند. بەم شێوەیە سەلمێندرا کە ئەگەر هەلومەرجی گونجاوی سیاسی و هەنگاوی پێویستی یاسایی بگیرێنە بەر، هەزاران گەریلاش چەکەکانیان دادەنێن. هەر لەو کاتەشدا دەوڵەت باخچەلی قسەی کرد و گوتی، دەبێت ئەو کەسانەی چەکیان سووتاندووە، بە دەرکردنی یاسای پێویست بێنەوە بۆ تورکیا. بەم جۆرە باخچەلی چۆنیەتیی گەڕانەوەیانی بۆ تورکیا خستبووەڕوو.

هێزەکانمان لە ناو سنورەکانی تورکیا کشاندەوە
وەک تڤگەری ئازادی، بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و بۆ ئەوەی بتوانین ئیرادەی خۆمان بۆ چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک نیشان بدەین، هێزەکانمان لە ناو سنورەکانی تورکیا هێنایە دەرەوەی سنورەکانی. لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیاش هەندێک لە سەنگەرەکانمان بەهۆی ئەگەری ڕودانی پێکدادان چۆڵ کرد. لە لایەکی دیکەشەوە، لە ساڵی 2017دا هەندێک لە بەرپرسانی میتمان دەستگیر کردبوو، ئەوانیشمان ڕادەست کردەوە.

ئێمە ئەم هەنگاوانەمان تەنها بۆ مەبەستی سیاسی و یاسایی گرتە بەر، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک. لەم پرۆسەیەدا لە ئیمرالی چەند چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕێبەرایەتیمان ئەنجام دران و تەرمی هەندێک لە شەهیدەکانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا وەرگیرانەوە. جگە لەم بابەتانە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیاوازتر نەنراوە.

ئێمە هەمیشە پەیامی ئەرێنیمان داوە بەڵام گوتەبێژەکانی دەوڵەت هەڵوێستی نەرێنییان نیشانداوە
هەمیشە بۆ چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک، ڕای گشتیی کوردمان ئامادە کردووە و پەیامی ئەرێنیمان بە گەلانی تورکیا داوە، لەم بابەتەدا زۆر هەستیار بووین، بەڵام هەندێک لە گوتەبێژەکانی دەسەڵات و میدیای نزیک لە دەسەڵات، نەک هەر ڕای گشتییان ئامادە نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ دروستکردنی هەست و بیرکردنەوەی نەرێنی کاریان کردووە و هەڵوێستیان نیشان داوە. نزیکبوونەوەی نەرێنی بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆنیش بووەتە هۆی ئەوەی کە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە زیاتر نەبێت.

ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن هێشتا جێبەجێ نەکراوە
دروستکردنی کۆمیسیۆن لە پەرلەماندا هەنگاوێکی ئەرێنی بوو لەلای ئێمە. بەڵام پرۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە زۆر درێژەی کێشا و ڕای گشتی بە باشی بۆی ئامادە نەکرا. سەرەڕای ئەوەی لایەنی سەرەکی و ئیرادەی چارەسەری ڕێبەرایەتیی ئێمەیە، لەم پرۆسەیەدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان تەنها یەک جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام داوە. لە ئەنجامدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد. سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانیشی، ئەم ڕاپۆرتە دەتوانێت لە کرداردا کاریگەریی ئەرێنی دروست بکات. بەڵام تا ئێستاش تێگەیشتن و پێشنیازەکانی ناو ڕاپۆرتەکە جێبەجێ نەکراون. ئەمەش ئەوە دەردەخات دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕاست و دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ناکات.

دەبێت ڕێبەر ئاپۆ وەک لایەنی فەرمیی دانوستانەکان بناسرێت
ڕێبەر ئاپۆ لە 27ی شوباتی 2025 بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەستی بەم پرۆسەیە کرد و گوڕی پێدا. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت کۆتایی بە قۆناغی ململانێ و گرژیی سەد ساڵەی نێوان تورکیا و گەلی کورد بهێنێت، کۆمارێکی دیموکراتیک دروست ببێت و لە ڕێگەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە (یەکگرتن بە شێوەی دیموکراتی)، پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئامانج و هەوڵەکانیش هەر لەم چوارچێوەیەدا پێش دەکەون. بەڵام بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لە بەدیهێنانی ئامانجێکی لەم شێوەیەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، دەبێت وەک لایەنی فەرمیی دانوستانەکان سەیر بکرێت. بەمەش بەم شێوەیە دەردەکەوێت ئاخۆ دەوڵەت ئیرادەی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە یان نا. پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی چارەسەری تەنها بە ناسینی پێگەی یاسایی ڕێبەر ئاپۆ و دیاریکردنی ئەم پێگەیە دەتوانێت دەست پێ بکات.

ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ئەو چاوپێکەوتن و قسانەی دەکرێن واتادار و ئەنجامدار بن، زۆر جار باسی لە ڕوونکردنەوەی پێگەی خۆی کردووە. ئەگەر پێگەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە دیاری بکرێت و بتوانێت لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا لەسەر ئەم بنەمایە کۆبوونەوە بکات، ئەوکات دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەگەرنا ڕێبەر ئاپۆ بەو چاوپێکەوتنانەی کە جارجارە لەگەڵ شاندەکان دەیکات ناتوانێت ڕۆڵی سەرەکیی خۆی بگێڕێت، بۆیە لە دۆخێکی ئاواشدا ئاستەمە بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەریدەخات، بەڕاستی نزیکی کێشەکە نابنەوە
پرسی کورد بنەڕەتیترین کێشەی تورکیایە و ڕێبەر ئاپۆش لە ئاستی یەکەمدا لایەنی سەرەکیی ئەم پرسەیە. مامەڵەی ئێستای دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بە ڕێبەر ئاپۆ دەریدەخات ئەم کێشە سەد ساڵییە و چارەسەرەکەی بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕاستییە لە ئارادایە، قسەی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی ئاکەپە کە دەڵێن، پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ بنبەستێک نییە، گوزارشت لە دۆخی ئێستا ناکەن. کەی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاریکرا و کەی توانی بگاتە هەلومەرجی خەباتی ئازاد، ئەوکات دەتوانن باس لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بکەن. تەنیا لە دۆخێکی ئاوادا گەلی کورد و ڕای گشتی باوەڕ بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە دەکەن و بە خێرایی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە زیاد دەبێت.

بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێش بکەوێت، دەبێت بە بڕیارێکی سیاسی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک بە ئازادی پێش بکەوێت، دەبێت هەنگاوی یاسایی بنرێت. چەکدانانی یەکجارەکی و چوونە ناو سیاسەتی دیموکراتیک بە هەنگاوی یاسایی و مافپەروەری دەکرێت. ئەم ڕاستییە لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا ئێستا لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە زانراوە. لەبەر ئەوە، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوە یاساییەکان و سیستەمی دادوەری هەیە. لە ئەنجامدا، ئەو لیدوانانەی، کە هەنگاوە یاساییەکان بە دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانەوە دەبەستنەوە، گوزارشت لە ڕاستی ناکەن. ئەم جۆرە مامەڵەیە زیاتر سەر لە ڕای گشتی دەشێوێنێت. وەک ئەوەی بڵێیت یاسا دەرکراوە بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی ئازاد پێش بکەوێت و بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و خۆڕێکخستن بێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر گوتوویەتی، چەک دانانێین و نایەینە پێشەوە!، بەپێچەوانەوە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی گەڕانەوە بە شێوەیەکی خێرا پێش بکەوێت، داوای کرد زەمینەی یاسایی و دادوەری ئامادە بکرێت. لە بنەڕەتدا بەرپرسان گوتبوویان، دوای جەژن هەنگاوی یاسایی دەنرێت، بەڵام هێشتاش بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە هەنگاوە یاساییە پێویستەکان نەنراون.

سەرپەرشتیار و پێشەنگی پرۆسەکە ڕێبەر ئاپۆیە
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کورد، لەو کۆنگرەیەی کە تێیدا پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا کۆتایی پێ هات، بڕیارماندا، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببرێت. سەرپەرشتیاری سەرەکیی دانوستانەکان و پێشەنگی ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت بەگوێرەی ئەم ڕاستییە، وەک لایەنی سەرەکیی گفتوگۆ، پێگەی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و بتوانێت بگاتە هەلومەرجی خەباتی ئازاد.

ئەم پرۆسەیە، تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت بە دروستی بەڕێوە ببرێت و بگاتە ئەنجام. لەم پرۆسەیەدا ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان، تەنانەت کەس چاوەڕوانی نەدەکرد، کە لەم ئاستەدا هەنگاو بنێین. ئیتر بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بگاتە ئەنجام، دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و هەنگاوی یاسایی بنرێت. خواست و چاوەڕوانیی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتیکەکان و ئێمەش هەر ئەوەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.