تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید غەزاڵ مەولان و گەلی کورد دەکات و جەخت دەکاتەوە، هێرشی حکومەتی ئێران بۆ سەر ئەم ژنە تێکۆشەرە، هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازیی ژنان.
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ،لە بارەی شەهیدبوونی غەزاڵ مەولان، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، غەزاڵ مەولان لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی ڕژێمی ئێران شەهید کراوە. تاژێ ئەم هێرشە بە "بەشێک لە سیاسەتی کوشتن و ترساندن" ناو دەبات کە ئامانج لێی بێدەنگکردنی ئەو شۆڕشەیە کە بە "ژن، ژیان، ئازادی" و شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە.
تاژێ ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژنان پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی مافەکانی مرۆڤە و جەختی لەوە کردووەتەوە، "تەنیا تێکۆشانی هاوبەشی ژنان دەتوانێت ڕێگری لەم هێرشانە بکات."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پێویستە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمان بڕیار و ئیرادەی ژنانی ڕۆژاڤا کۆببنەوە و هاوپشتیی نێوانیان بەهێزتر بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی بانگەوازی ئاراستەی هەموو ژنان کرد کە تێکۆشانی خۆیان دژی شەڕ و هێرشەکان بەرفراوانتر بکەن و ڕێگە نەدەن سیاسەتی داگیرکاری و سەرکوتکاری، دەستکەوتەکانی ژنان و گەلی کورد بخاتە مەترسییەوە.