کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 128 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە گرنگیی ڕۆژنامەگەریی ئازاد وەک کۆڵەکەیەکی تێکۆشانی نەتەوەیی کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە 22ـی نیسانی 1898دا، سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو بۆ بوژانەوەی ناسنامەی کلتوری و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئاسمیلەکردن.
پژاک دەڵێت، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، دەسەڵاتە فاشیستەکان هەمیشە هەوڵیانداوە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، ڕێگری لە گەشەی هۆشیاریی گەلی کورد بگرن، بەڵام کاروانی ڕۆژنامەگەریی شۆڕشگێڕانە نەوەستاوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، پژاک تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت، "ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی بڕینی ئینتەرنێت و دەستگیرکردنی قەڵەمە ئازادەکان، دەیەوێت دەنگی ڕاستیی کپ بکات، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا".
هەروەها داوایکرد، خەڵک لە تێکۆشان بۆ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو بەردەوام بن و گوتیشی، شۆڕشی گەل و ڕاگەیاندنی ئازاد دوو چەمکی لێکدانەبڕاون.
لە کۆتاییدا، کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پژاک جەختی کردەوە، پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەریی دیموکراتیک و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان دەزانن.