مەم ئارارات، هونەرمەندی ناسراوی باکوری کوردستان، رەخنەی توند لە شارەوانیی شارەکانی تورکیا و پارتی کۆماری گەلان (CHP) دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی لە شارە گەورەکانی ئەوروپا بێ جیاوازی کۆنسێرت ساز دەکات، بەڵام لە ناوخۆی تورکیا بە شێوازی "ئاشکرا و نهێنی" رووبەڕووی سانسۆر دەبێتەوە.
ئەو هونەرمەندە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەیەکی درێژە ڕووبەڕووی دۆخێکی نەرێنی بوونەتەوە و چەندین کەیسی یاساییان لەسەر قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکانیان لە دادگاکان هەیە.
جەختیشیکردووەتەوە کە لە کاتێکدا لە شارەکانی وەک بەرلین، پاریس، ڤیەننا، شتوتگارت و لەندەن لە گەورەترین هۆڵەکاندا بێ جیاوازی و بە ئازادی کۆنسێرت دەکەن، کەچی لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و بورسا رێگرییان لێ دەکرێت.
باس لەوەش دەکات، ماوەی سێ ساڵە هەموو دەرگاکانی هۆڵی "حەربییە" لە ئیستانبوڵیان لێ داخراوە و وەڵامی تەلەفۆن و ئیمەیڵەکانیان نادرێتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە بە ئاراستەکردنی پرسیارێکی توند روو لە شارەوانیی ئیستانبوڵ و سەرکردایەتیی جەهەپە دەکات و دەپرسێت "ئایا ئەم سانسۆرە تەنیا تایبەتە بە من، یان بێبەریبوونی ئێوەیە بەرانبەر بە زمان و هونەری کوردی؟"
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بیری جەهەپەی دەخاتەوە کە ئەوان بە دەنگی کوردان هەڵبژێردراون، هاوکات هۆشداریش دەدات کە لەمەودوا هەر جیاکاری و نادادپەروەرییەک بەرانبەریان بکرێت، لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەن.