هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە ناو پەرلەمانی تورکیاوە بانگەوازێکی مێژوویی ئاراستەی سەرۆککۆمار دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کلیلی چارەسەری و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە دەستی دەسەڵاتدایە و پێویستە ئەم دەرفەتە بۆ پێکەوەژیانی گەلان بقۆزرێتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونهوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، کۆماری تورکیا لە سەدەی دووەمیدا پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کۆمارێکی فرەڕەنگ و دیموکرات، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامەی خۆیانەوە بوونیان هەبێت.
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری چەکدانانی پەکەکە گەورەترین پێشهاتی مێژوویی تورکیایە و ئەنجامی بڕوابوونە بە سیاسەتی دیموکراتی. ناوبراو جەختی کردەوە، ئاشتی بە لایەنێک ناکرێت و پێویستی بە هەنگاوی بەرانبەر هەیە.
باکرهان دەستخۆشی لە هەڵوێستی مێژوویی دەوڵەت باخچەلی و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد، کە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتییان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجالان بە بانگەوازەکەی لە 27ـی شوباتدا، دەرگەی چارەسەریی هەمیشەیی کردەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی پەیامێکی ئاراستەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند، "بەڕێز سەرۆککۆمار، بەرپرسیاریەتی لای ئێوەیە وەک دەسەڵات، سولەیمان ئێوەن و واژۆکە لە دەستی ئێوەدایە، گەل و مێژوو بۆ ئاشتی ئامادەن و پێویستە ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ پێکەوەژیانی کورد و تورک لە دەست نەدرێت".
باکرهان گوتیشی، دەبێت ئەم نەوەیە لە بری شەڕ، میراتێکی پڕ لە ئاشتی و تەبایی بۆ منداڵەکانیان بە جێ بهێڵن. جەختیشی کردەوە، هێزی تورکیا لە یەکگرتوویی و یەکسانیی مافەکانی کورد و تورکدایە و بە هێزبوونی ئەم هاوبەشییە تورکیا لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە هێزتر دەکات.