سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە تاران و جەخت لەوە دەکاتەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، ڕێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە توانای ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە فلۆریدا، هۆشدارییەکی توندی دایە ئێران و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، بە خێرایی دژی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەکاری دەهێنێت و لە کۆتاییشدا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێستا ئێران لە دۆخێکی لاوازدایە و گوتی، "ئێمە یاری ناکەین، ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە وەک دڕندە لە ناوچەکە هەڵسوکەوت دەکات و بووەتە مایەی ترس بۆ وڵاتانی وەک ئیسرائیل، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت". هەروەها گوتیشی، ئێستا ئێمە ئەو حکومەتەمان پەکخستووە.