سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە و دەشڵێت، پێموایە بۆردومانیان دەکەین، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی باشترە بۆ چوونە ناو دانوستانەکانەوە.
دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەست لە ئەگەری پێشکەوتنی دانوستانەکان، دەڵێت، من نامەوێت ئەوە بکەم، ئێمە ئەوەندە کاتمان نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، کۆماری ئیسلامیی دەتوانێت خۆی بخاتە دۆخێکی زۆر باشەوە و دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتە وڵاتێکی بەهێز و نەتەوەیەکی سەرسوڕهێنەر".
جەختی کردووەتەوە، "ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر توند و تیژن و ئەم دۆخە نەرێنییە، هەرچەندە ئێمە زۆر لەوان توندترین و بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێین".
گەمارۆی دەریایی ئێرانی بە "سەرکەوتوو" ناوبردووە و ئاشکرای دەکات، لە دانوستانەکاندا لە پێگەیەکی بەهێزداین و دەگەینە ڕێککەوتنێکی گەورە، چونکە هێزی دەریایی و ئاسمانی و سەرکردەکانی ئەوانمان لەناو برد.
سەبارەت بە گەرووی هورمز ڕایگەیاندووە، ئێرانییەکان گوتیان دەیانەوێت گەرووی هورمز بکەنەوە، بەڵام من گوتم ئەو کارە ناکەین تاوەکو نەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی چونکە ئێمە کۆنترۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە.
ئەوەشی گوتووە، پێموایە ئێران بۆردومان دەکەین، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی باشترە بۆ چوونە ناو دانوستانەکانەوە.