دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆیەک لەگەڵ کاناڵی پی بی ئێس ڕایگەیاند، "پێموایە لەماوەیەکی نزیکدا ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکرێت، هەرچەندە پێشتریش ئاماژەم بە شتێکی وەها کردبوو".
ڕاشیگەیاندووە، بەدووری دەبینێت جارێکی دیکە ستیڤ ویتکتۆڤ و جارید کۆشنەر ڕاستەوخۆ لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران-ئەمریکا بەشداربن.
ترەمپ گوتیشی، "پێموابێت دەرفەتێکی باش بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ ڕەخساوە، بەڵام ئەگەر ئێران ڕێککەوتن نەکات ئەوا ناچارین جارێکی دیکە بە خراپی بۆردومانیان بکەین، بێگومان هێرشەکەی ئەم جارە زۆر بەهێزتر لە جاری پێشوو دەبێت".
لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەڵێت، بێگومان یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا و یەکێک لە خاڵەکانی دانوستانی نیوان ئێران-ئەمریکا کۆتاییهێنانە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆم.
ئەم گوتانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ئەمریکا ڕەشنوسێکی یەک لاپەڕەیی بۆ ڕێککەوتن ئاڕاستەی ئێران کردووە.