شەوی ڕابردوو پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کەمپێکی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەحیەی ڕزگاری (خەبات) سەر بە پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە لە کاتژمێر 10:19ـی شەو ئەنجامدراوە و تێیدا کەمپەکە ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ئاگر و دووکەڵ لە شوێنی ڕووداوەکە بەرزبووەوە.
سەرەڕای ڕوودانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، دژەتیرۆری کوردستان جەختی کردەوە که خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
ئەم هێرشە درۆنییە لە کاتێکدایە که ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی پەلاماری مووشەکی و درۆنی، و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە و هەوڵە ئەمنییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لەم دەستدرێژییانە خێراتر کردووە.