بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی چاککردنی شەقام و ڕێگەوبانەکانی سلێمانی دەستپێدەکات و چەندین شەقامی نوێش دروست دەکرێن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و رێگەوبان و چاککردنەوەی رێگاوبانەکان کۆبوویەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، بڕیاری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانیان داوە بۆ چاککردنی ئەو ڕێگە و شەقامانەی کە لە ماوەی وەرزی دابارین یان بە هەر هۆکارێکی دیکە خراپ بوون و بوونەتە هۆکاری ئاستەنگیی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، هاوکات دەست بە دروستکردنی چەندین شەقامی نوێش دەکەن کە پێستر بڕیاریان لە سەر دراوە.
هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کردوە، بۆ کارئاسانییکردن لە هەڵمەتی چاککردنی ڕێگەوبانەکان و خێراترکردنی پڕۆسەکە، لە هەفتەی داهاتووەوە لەڕێی پۆرتاڵی خزمەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خراپبوونی ڕێگەکان ئاگاداربکەنەوە، بۆ ئەوەی تیمەکانی نۆژەنکردنەوە بەزوویی دەست بە چاککردنەوەی ڕێگەکان بکەن.