بەگوێرەی لێکتێگەیشتنێکی نوێی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا بۆ بازاڕەکانی جیهان بەردەوام دەبێت. ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ و درێژخایەن لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
دوابەدوای گرژی و ناسیقامگیرییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخرانی گەرووی هورمز، حکومەتی عێراق بۆ هەمەجەشنەکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکەی داهاتیەتی، شاندێکی باڵای ناردە ئەنقەرە. شاندەکە کە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتی فیدراڵ، بە هاوڕێیەتیی نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی باش.
درێژکردنەوەی کاتی بۆ ماوەی ساڵێک
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بەپێی پرۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکاری، هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت. لەم ماوەیەدا، بەغدا و ئەنقەرە کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن کە جێگەی ڕێککەوتننامە کۆنەکە بگرێتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراقیش جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە کاتییە و زەمینەسازییە بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی درێژخایەن لە داهاتوویەکی نزیکدا.
کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامە مێژووییەکە
ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییە لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتننامەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی تورکیاوە، کە لە ٢٧ی ئابی ١٩٧٣ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە واژۆ کرابوو، بەپێی ڕاگەیاندنی حکومەتی تورکیا لە ٢٧ی تەممووزی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) بە فەرمی کۆتایی دێت. بۆ ڕێگریکردن لە ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، هەردوولا پێش وادەی بەسەرچوونی ڕێککەوتنە کۆنەکە، لەسەر ئەم پرۆتۆکۆڵە نوێیە ڕێککەوتن.