گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕادەگەیێنێت، سەرۆکوەزیران لە ئاشکراکردنی گەندەڵکاران نەرمی نانوێنێت و کاتێکی دیاریکراویشی بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا داناوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان زامن کراوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، حکومەت بڕیاری داوە بە پشتبەستن بە بودجەی بەرنامەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کار بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پابەندە بە خەرجکردنی پارەی گرێبەستەکان و دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گرەنتی کراوە و هیچ دراوێکی نوێش چاپ ناکرێت.
سەبارەت بە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی لە دزینی ماڵی گشتی تێوەگلاون، بە هیچ شێوەیەک نەرمی نانوێنێت.
لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: "وەک حکومەت بەڕێوەبردنی دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی خۆمان دەزانین."
ناوبراو دەستووری عێراق دیارییکردووە کە نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و دەبێت داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بەگوێرەی ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییانەی دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کردووە کە زامنی دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی مووچە لەم قۆناغەدا بکات.