عێراق لە ئێستادا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی ئابوورییدایە، بەو هۆیەوە کار بۆ بە سیستمکردنی دامەزراوەکانی دەکات.
بەغداد دەیەوێت، سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەموو خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، کە پرۆسەی کاغەز و مامەڵەی دەستی لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو شتێک دەکاتە ئەلیکترۆنی. سیستەمەکە شەڕێکی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتە بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و شەفافیەت لە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکاندا.
مەبەست لە "ئەسیکۆدا" سیستمێکی کۆمپیوتەریی مۆدێرنە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ، زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان کاری پێدەکرێ و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەرەی پێدراوە.
عێراق دەیەوێت، هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و پەروێزخانیشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت. جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو واتایەیە، کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر خولەکێک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت داهاتەکان بە ڕوونی ڕادەستی بەغداد بکات یان لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی سیستەمەکەوە دەڵێ، سیستەمەکە بۆ چاکسازییە و نمایندەی پابەندبوونێکی نێودەوڵەتیی و ڕێوشوێنێکی چاکسازییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و قاچاغچێتی و ڕێگری لە واسیتە و دەستکاریکردنی نرخ، هەروەها داهاتی گومرگیش بە ڕێژەی 20٪ بۆ 30٪ زیاد دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، عێراق پەلەی کردووە لە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"، هاوکات باجی گومرگیی لەسەر کاڵاکان لە رێژەی 3% و 5% ـەوە بۆ 30% بەرزکردووەتەوە، هۆشداریشدەدا کە ئەم هەنگاوە لەگەڵ دۆخی ئێستای بازاڕ و ژێرخانی ئابووری عێراق ناگونجێت و دەبێتە هۆی بێکاریی و گرانی.