ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەلایەن ڕێکخراوی Aid Gate Organization (AGO) لە شاری بەسره ئەنجامدراوە ئامارێکی مەترسیداری پیسبوونی ژینگە و قەیرانی کەش و هەوا دەخاتەڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە پارێزگای بەسره ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ و ئاڵۆزی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە، کەمبوونی ئاو، لاوازبوونی کشتوکاڵ و بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری بووەتەوە.
ڕاپۆرتەكه پشتی بە داتای وەرگیراوی ١٬٠٩٦ خێزانی لە چوار قەزا (ناوەندی بەسرە، شەتالعرب، زوبەیر و ئەبو ئەلخەسیب) بەستووه، لەگەڵ ٨ گفتوگۆی گروپی تایبەتی (FGDs) و نوێنەرانی پەرلەمان و سەرۆک هۆزەکانی شارەکە، کە لە نێوان كانونی یەكەمی ٢٠٢٥ تا كانونی دووی ٢٠٢٦ ئەنجام دراوە.
گۆڕانی کەشوهەوا: مەترسیی ڕۆژانە
بەپێی ڕاپۆرتەکە:
٥٣٪ خەڵک گۆڕانی ڕوونی کەشوهەوایان بینیوە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا
٨٠–٨٥٪ پلەی گەرما بەرزبوەتەووە.
٧٣–٧٤٪ شەپۆلی گەرمای تووند.
٥٨–٨٠٪ وشکەساڵی و کەمبوونی سەرچاوە ئاو
٤٢٪ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستی گشتی
ئەم بارودۆخە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، کار، خواردن و تەندروستی بە ئاستێکی مەترسیدار تووشی گۆڕان کردووە.
لاوازیی خۆگونجاندن و نەبوونی هەنگاوی حکومی
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات:
٧٨٪ خێزانەکان هیچ هەنگاوێکی خۆگونجاندن و خۆپارێزیان نەگرتووەبەر
تەنها ١٪ هەنگاوی ڕاستەقینەی خۆگونجاندنیان جێبەجێ کردووە
٧٢٪ هیچ ئاگادارییەکیان نییە لە پڕۆژە یان ستراتیژی حکومییەکانی کەشوهەوا
ئەمە نیشانەی کەلێنێکی گەورەیە لە نێوان پێویستییەکانی خەڵک و هەنگاوەکانی حکومەت لەوبارەیەوە.
ژینگە، نەوت و پیسبوون
بەشێکی زۆری بەشداریبووان پیسبوونی هەوا، خاک و ئاو دەگەڕێنەوە بۆ:
• چالاکیی کارگەکان
• کۆمپانیا نەوتییەکان
• لاوازیی یاسا و چاودێری ژینگەیی
لە گفتوگۆکاندا داواکاری بەرپرسیارێتی زیاترحکومەت و دانانی یاسای توندتر بۆ پاراستنی ژینگە دووبارە بووەتەوە.
کشتوکاڵ: سەرچاوەی ژیان
٩١٪ خەڵک لە کشتوکاڵ دوورکەوتوونەتەوە
هۆکارە سەرەکییەکان: کەمی ئاو، تێکچوونی خاک و بەرزی پلەی گەرما
لە نێوان ئەوانەی هێشتا کشتوکاڵ دەکەن:
٨٥٪ زیانی گەرمایان بەرکەوتووە
٨٠٪ زیانی وشکەساڵیان بەرکەوتووە
٨١٪ دەڵێن هیچ پشتگیرییەکی حکومییان نییە بۆ بەردەوامبوون.
بێکاری و فێرکاریی پیشەیی
ڕاپۆرتەکە دیاردەیەکی دیکە پیشان دەدات:
٥٣٪ خەڵک بێکارن
تەنها ١١٪ کار دەکەن
٧٩٪ هیچ فێرکاریی پیشەیییان وەرنەگرتووە
٦٣٪ ئاگاداری بەرنامە فێرکارییەکان نین
چی پێویستە بکرێت؟
خەڵک داوای ئەم هەنگاوانە دەکەن:
• ژێرخانی بەرگری بەرامبەر کەشوهەوا بەهێز بکرێت
• بەرزکردنەوەی هۆشیاری و فێرکاری گشتی
• گرگیدانی زیاتر بە خاک و ئاو
• دەرکردنی یاسا و چاودێری توندتر بۆ پیسکردنی ژینگە لەلایەن کارگە و کێڵگە نەوتییەکانەوە
ڕاپۆرتەکە هۆشیاری دەدات کە ئەگەر هەنگاوی خێرا و گرنگ نەگیرێتە بەر، قەیرانی ژینگەیی و کەشوهەوای بەسرە دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ هەژاری، بێکاری و نائارامیی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی تەندروستی.