بەرخۆدانی 14ی تەموز وەک مێژوویەکی پڕ لە ئیرادە و باوەڕی پتەو لە لاپەڕەکانی خەباتی گەلی کورددا دەدرەوشێتەوە. ئەو بەرخۆدانە کە وەک مانگرتنێکی گەورە لە خواردن و ڕۆژووی مردن دەناسرێت، لە 14ی تەموزی ساڵی 1982، لەلایەن پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردەوە دەستی پێکرد.
لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەدا کەمال پیر لە 7ـی ئەیلول و محەمەد خەیری دورمووش لە 12ـی ئەیلول و عاکیف یەڵماز لە 15ـی ئەیلول، هەروەها عەلی چیچەک لە 17ـی ئەیلولدا گیانیان لەدەستدا و شەهید بوون.
ئەم تێکۆشانە بێوێنەیە لە مێژووی گەلی کورددا بە مەشخەڵی تێکۆشان ناودەبرێت. ئەو فیداکارییە بووە هۆی ئەوەی پشتی فاشیزمی ئەو سەردەمە لەناو زیندانەکاندا بشکێنرێت. هاوکات ئەو گیانفیداییە ڕێگەی بۆ گەشەکردن و فراوانبوونی تێکۆشانی دوایی خۆش کرد و بووە یەکێک لە گەورەترین و درەوشاوەترین هێماکانی ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا.
