سەنتەری زمانی کوردی (SZK) کە لە ساڵی 2007 و لەژێر سایەی چاودێری و قەدەغەکاریی توندی ڕژێمی بەعسدا بە شێوەیەکی نهێنی دامەزرا، ئێستا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داڕشتنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ڕۆژاڤای کوردستان کاردەکات و تاوەکو ئێستاش نەتەوەیەک لە خوێندکارانی پێگەیاندووە.
ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) ڕاگەیاند، دامەزراوەکەیان لە ساڵی 2007بە ئامانجی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی لە کاتێکدا دامەزرا کە ڕژێمی بەعس خوێندن، نووسین و ئاخاوتنی بەو زمانە بە تەواوی قەدەغە کردبوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێوان ساڵانی 2007 تاوەکو 2011 بەهۆی ترسی دەستگیرکردنەوە کارەکانیان بە نهێنی بەڕێوەبردووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2011و دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکان، کارەکانیان ئاشکرا کردووە.
بەگوتەی هاوسەرۆکی دامەزراوەکە، لە ساڵی 2019دا ناوەندی لێکۆڵینەوەی زمانی کوردییان لە قامیشلۆ کردووەتەوە و ئێستا لقەکانیان لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژاوای کوردستان، حەلەب و دیمەشق هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لەم دامەزراوەیەوە خولی فێربوونی زمانی کوردییان تەواو کردووە، کە بەم شێوەیە دابەشبوون: 30 هەزار و 140خوێندکار لە ئاستی یەکەم، 25 هەزار و 842 خوێندکار لە ئاستی دووەم و 20هەزار و 48 خوێندکار لە ئاستی سێیەم.
ڤیان حەسەن ڕوونیکردەوە، ئەوان تەنیا لە وەرزی هاوین و زستاندا خول ناکەنەوە، بەڵکو بۆ فەرمانبەرانی دامەزراوەکانیش دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی خولی تایبەتیان کردووەتەوە.
هاوکات جەختی کردەوە کە (SZK) بەرپرسە لە ئامادەکردنی سەرجەم بابەت و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە قۆناغی سەرەتایییەوە تاوەکو زانکۆ، لە پاڵ ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی مێژوویی و کلتوری.
سەبارەت بە داهاتووی زمانی کوردی لە سوریا، هاوسەرۆکی دامەزراوەکە ڕەخنەی لە حکومەتی کاتی گرت کە ئامادە نییە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی قبووڵ بکات و ڕایگەیاند: "ئێمە وەک دامەزراوەی زمانی کوردی بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تاوەکو ئەو کاتەی زمانی کوردی لە دەستووری داهاتووی سوریادا بە فەرمی دەناسرێت."
