هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەرەڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكانی ئیران بۆسەر پەنابەران و حزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، هاوكات بانگەوازێكی بە پەلە ئاڕاستە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و حكومەتی عێراق دەكات.
هاوپەیمانتێتییەكە لە ڕاگەیەنراوێكیدا دەڵێ، "لە ماوەی 21 ڕۆژی ڕابردوودا، ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی تاوانە سیستماتیکەکانی خۆیدا، دەیان جار سەروەریی سیاسی و نیشتمانیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بە شێوەیەکی زەق پێشێلکردووە".
دەشڵێت، "ئەم ڕژێمە بە زنجیرە هێرشی بەردەوام و دڕندانەی مووشەکی و درۆنی، کەمپی پەنابەران و بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بە بەردەوامی کردووەتە ئامانج. ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندن و هێرشە مووشەکییانە لە کاتێکدا دەکرێن کە حیزبە سیاسییە کوردەکانی ئێران ساڵانێکە چالاکییەکانی خۆیان لەسەر خەباتی سیاسی چڕ کردووەتەوە و هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی بۆ سەر ناوچەکە نەبوون و نین".
ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو هێرشە بەردەوامانە، تەنیا بیانوویەکن بۆ دووبارەکردنەوەی سووڕی توندوتیژی و سەرکوت و دروستکردنی ترس و تۆقاندن.
داواش لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان و حکومەتی عێراق دەكات هەڵوێستی جدیان هەبێت و ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان.