ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ڕێوڕەسمی فەرمیی پێکهێنان و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو؛
لایەنە واژۆکارەکانیش ڕێککەوتنەکە بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ناودەبەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، لە بەردەم میدیاکاندا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێککەوتنامە سیاسییەکەی نێوانیان ئاڵوگۆڕ و واژۆ کرد.
ئەم هەنگاوە نوێیە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوکێشە و پێوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، کارکردنە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردن لە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانیی ئێستا.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا جەختی لە گرنگیی کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەنگاوە کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەم ڕێککەوتنە بۆ گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی نەوەی نوێ پەیامێکی ئاڕاستەی هێزە سیاسییەکانی دیکەش کرد و گوتی: "ئەم ساتەی ئێستا پێویستی بە ئازایەتیی بڕیاردان هەیە، بۆ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بێلایەنی لەم کاتەدا واتا بێهەڵوێستی."