دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە پێویستە پێگەی یاسایی و سیاسی عەبدوڵڵا ئۆجالان بە فەرمی بناسێندرێت و وەک "بەڕێوەبەری دەستەی هەماهەنگیی پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیبوون" مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی خۆی لە پڕۆسەی ئاشتەوایی و دیالۆگدا بگێڕێت، پێویستە مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ فەراهەم بکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەم پەیوەندییانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕای گشتیش نەبن، بەڵام بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و داڕشتنی نەخشەڕێگەی داهاتوو بایەخێکی گرنگیان هەیە.
ئەم دەسپێشخەرییە نوێیەی باخچەلی لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەر ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ کە بتوانێت کۆتایی بە ململانێیە چەکدارییەکان بهێنێت و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوخۆی وڵاتدا بچەسپێنێت.