ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، تاوانەکانی شەڕی لە رۆژاڤای کوردستانی بە بەڵگە کردووە. دۆسیەکە، تاوانەکانی شەڕ لە کاتی بەڕێوەچوونی هێرشەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی تەحریر شام و داعش، بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای لەخۆ گرتووە.
دۆسیەکە بە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی لە ٣٤ لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئامادە کراوە و تاوانەکانی وەک کۆچبەریی زۆرەملێ و کۆمەڵکوژییەکانی خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانەی، بە وردی تۆمار کردووە.
دۆسیەی تاوانەکانی شەڕ لە رۆژاڤای کوردستان، تایبەت بە دادگا نێودەوڵەتییەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی منداڵپارێزی ئامادە کراوە. لە راپۆرتەکاندا، بەڕێوەچوونی تاوانی سیستماتیک لە چوارچێوەی هێرشەکان بۆ دوو گەڕەکی کوردنشین لە حەڵەب و هەروەها پەلاماری گرووپە چەکدارەکان بۆ حەسەکە، قامیشلۆ، چەل ئاغا، کۆبانێ و رەقە و تەبقا، ئاشکرا کراوە.
تاوانەکانی شەڕ لە نموونەی؛ بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ، کۆمەڵکوژی، رفاندن، هەڕەشە لە کرێکاران، رزگارکردنی چەتە گیراوەکانی داعش، گۆڕینی دیمۆگرافیا و پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵان، لە ناونیشانە گرنگەکانی ئەم دۆسیەن.
لە ئامادەکردنی دۆسیەی تاوانەکانی شەڕ لە رۆژئاوا، لە راپۆرتەکاندا ئاماژە بە ناوی قوربانییەکان کراوە و هەروەها وێنە و شوێنی تاوانەکان، بە شێوەی بەڵگەمەند تۆمار کراون.