ڕاستەوخۆ

ئەو پەرستارە کوردەی بەهۆی هۆنینەوەی کەزی دەستگیرکرا بێ تاوان دەرچوو

reset font size increase font size

 

ئیکرا ئاڤجی، ئەو پەرستارە کوردەی لە تورکیا بەهۆی بەشداریکردن لە کەمپەینی هاوسۆزیی 'هۆنینەوەی کەزی' لە کارەکەی دوورخرابووەوە، لەو دۆسیەیەی تێیدا دادگایی دەکرا بە بێتاوان ناسێندرا، بەڵام سەرەڕای بڕیارەکەی دادگە، هێشتا نەخۆشخانەکەی داوای دەرکردنی دەکات.

ئیکرا ئاڤجی کە وەک پەرستار لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆجائەلیی تورکیا کاری دەکرد، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی خۆی لە کاتی هۆنینەوەی پرچیدا بڵاوکردەوە، رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاسایی و کارگێڕی بووەوە و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا (کانوونی دووەمی 2026) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

چیرۆکی ئیکرا لەوێوە دەستیپێکرد کە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک لە رەققە، ڤیدیۆیەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوکردەوە کە تێیدا پرچی دەهۆنییەوە.

 ئەم چالاکییە لە سەرەتای 2026، وەک سیمبوولی هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی رۆژئاوای کوردستان لەنێو کورد دا دەنگی دایەوە، بەڵام دام ودەزگاکانی تورکیا ئەم جۆرە چالاکییەیان وەک "بانگەشەی ئایدیۆلۆژی" ناساند و لێپێچینەوەی یاساییان لە دژی ئەو کەسانە دەستپێکرد کە ڤیدیۆکەیان بڵاودەکردەوە.

ئەو پەرستارە کوردە دوای بڕیاری بێتاوانبوونی لە دادگە رایگەیاند، هەرچەندە بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندیی ئەو کۆتایی هاتووە و تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراو"ی لەسەر لادراوە، بەڵام "ئەو نەخۆشخانەیەی کاری لێدەکرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی کارگێڕیدا هێشتا سوورە لەسەر دەرکردنی."

 ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزەرەکەی رێکاری پێویست دەگرێتەبەر و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد کە لەو ماوەیەدا پاڵپشتییان کردووە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کۆجائەلیش کارەکەی ئەو پەرستارەی وەک "پێشێلکردنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی فەرمانبەرانی دەوڵەت" ناوزەد کرد.

ئیکرا ئاڤجی بەهۆی بێکاربوونی و ئەو گوشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی لەسەری بوو، ناچار بوو ماڵەکەی لە شاری کۆجائەلی چۆڵ بکات و بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان تاوەکو لەگەڵ خێزانەکەی بژیت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.