ئەنجومەنی هەماهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رۆژی چوارشەممەی داهاتووی وەک رۆژی ماتەمینیی گشتیی دیاریکرد و داوای لە سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانی ئێران کرد، پۆلەکانی خوێندن دابخەن.
بانگەوازەکە وەک کاردانەوە بەرانبەر کوژرانی زیاتر لە 230 خوێندکار و منداڵ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: کاتێک قوتابخانەکان بەهۆی پیسبوونی هەوا یان کەمیی گازەوە دادەخرێن، چۆن دەکرێت بەرامبەر رژانی خوێنی خوێندکاران بێدەنگ بین و ئەم کارەساتە گەورە بە ئاسایی وەربگرین؟
ئەنجومەنی هەماهەنگیی مامۆستایانی ئێران رایگەیاندووە، ئەم قوربانییانە تەنیا ژمارە و ئامار نین، بەڵکو ناو، خێزان و داهاتووی لەدەستچووی ئەم نیشتمانەن.
لەبەردەوامیشدا، رەخنەی توندی لە گۆڕینی ناوەندەکانی فێرکردن بۆ شوێنی دەستبەسەرکردن و هێرش بۆ سەر خوێندکارانی لە شەقامەکاندا کردووە.