ئەنجوومەنی شاری لۆزان لە سویسرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا چەند بڕیارێکى گرنگی سەبارەت بە ڕۆژاڤاى کوردستان دەرکرد یەکێک لەوانەش دانان بوو بە بە پێگەی ئۆتۆنۆمی ڕۆژاڤاى کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە و داوایان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کرد کار بکەن بۆ پاراستنى.
ئەنجوومەنی شاری لۆزان لە سویسرا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سێ پێشنیار، لەلایەن هاوپەیمانی ئەنسەمبڵ ئا گاوشەوە پێشکەش کران، کە گروپێکیان لە ئەنجومەنەکەدا هەیە و دواتر پەسەندکران، یەکێک لەوانەش دانپێدانانی ڕۆژاڤاى کوردستان بوو لەو چوارچێوەدا سێڤگی کۆیونچو، وتەبێژی گروپی ئەنسەمبڵ- ئا گاوچە، وتارێکی پێشکەش کرد.
دەشڵێن، جگە لە گروپى ئەنسەمبڵ سەرجەم ئەندامانی پارتی گرونە کە چەند ئەندامێکیان لە ئەنجومەنەکەدا هەیە و هەروەها بەشێکی زۆر لە ئەندامانی پارتی سۆسیالیستیش پشتگیریان لەو پێشنیازە کرد و دواتر پێشنیارەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کران.
باسلەوەشکراوە، ئەو پێشنیازانەى پەسەندکراوان لەلایەن ئەنجومەنی شارۆچکەی لۆزان ئەمانەن:-
یەکەم- ئەنجومەنی شارۆچکەی لۆزان لە چوارچێوەی هێرشەکانی حکومەتی کاتى سوریا بۆ سەر ڕۆژاڤا پێشنیارێکی سەبارەت بە ڕێزگرتن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی پەسەند کرد.
دووەم- ئەنجومەنی شاری لۆزان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا دان بە پێگەی ئۆتۆنۆمی ڕۆژاڤا لە ڕووی سیاسییەوە دەنێت و تێیدا داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بەشەى کوردستان دەکات.
سێیەم- بە سەرنجدان لە پێگەی خۆی وەک شاری میوانداری پەیمانی لۆزان، ئەنجومەنی شارەکە بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە کۆنفیدراسیۆنی سویسرا دەکات بە فەرمی دان بە ڕۆژاڤادا بنێت.