ئەمڕۆ دووشەممە، بە دەستپێشخەری کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)، پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان، پارتی شۆڕشگێڕ و چەندین لایەنی دیکە لە باکوری کوردستان و تورکیا، لە گۆڕستانی (کارشیاکا) لە مەراسیمێکدا یادی 'ماهیر چایان' و ئەو سۆسیالیستانە کرایەوە کە لە کۆمەڵکوژیی کزلدەرەدا شەهید بوون.
بە گوێرەی هەواڵێک کە ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاوکردووەتەوە، ئامادەبووان بە ڕێپێوانیان چوونە شوێنی مەراسیمەکە و وێنەی سەرکردە مێژووییەکانی وەک (ماهیر چایان، دەنیز گەزمیش، حوسێن ئینان، یوسف ئەسلان و ئیبراهیم کایپاک کایا) یان بەرزکردەوە.
حوسێن ئەسەنتورک، سەرۆکی فیدراسیۆنی شۆڕشگێڕانی 78 ڕایگەیاند، مێژووی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان، شکۆ و کەرامەتمانە، کزلدەرە تەنیا هاوپەیمانییەک نییە دژی فاشیزم، بەڵکو نمونەیەکی بێوێنەی هەڤاڵێتیی سەنگەرە.
ههروهها ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆبۆسکی، ئامەد، پرسوس و ئەنقەرە کرد و گوتی، هەمان ئەو زیهنیەتەی پێشتر شۆڕشگێڕانی کۆمەڵکوژ دەکرد، ئەمڕۆش بەردەوامە لە پەلامارەکانی، بەڵام ڕۆژی دادگاییکردنی دیکتاتۆر و تاوانباران نزیکە.
هاوكات تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئاماژەی بەوەکرد، چۆن مەزڵوم کوژرا، ماهیر و دەنیز و ئیبراهیمەکانیش بەو شێوەیە کوژران، ئازارمان یەکە، برینمان یەکە و ڕزگارییشمان هەر یەک دەبێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لهوهکردەوە، پارتەکەیان نوێنەرایەتیی هێڵی ئەو سەرکردە مێژووییانە دەکات و دەرگایان بۆ هەر کەسێک کراوەیە بیەوێت تاریکی ڕووناک بکاتەوە و پێکەوە تێکۆشان بکهن.