ههڵبژاردنی خولی نوێی پهرلهمانی یابان دهستیپێكرد و تا كاتژمێر ههشتی ئێواره بهردهوام دهبێت، بە گوێرەی ڕاپرسییەکان، چاوهڕوان دهكرێت هاوپەیمانی لیبراڵ دیموکرات به سهرۆكایهتی سانای تاکایچی سهرۆكوهزیرانی ئێستای ئهو وڵاته زۆرینهی كورسییهكان بباتهوه.
بهرهبهیانی ئهمڕۆ دەنگدەرانی یابانی، لەسەر بانگهێشتی "سانای تاکایچی" یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی یاباندا دەچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان.
بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییانەی ئەنجامدراون دەرکەوتووە، هاوپەیمانی لیبڕاڵ دیموکرات بە سەرۆکایەتی "سانای تاکایچی" سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە پێشەنگی هەڵبژاردنەکانە، بەڵام ڕێژەی کەمی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا و نیگەرانییە ئابورییەکان، نادڵنیایی هاوڵاتییان سەبارەت بەئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەكه زیاتر دەکەن.
دوابەدوای گەندەڵییەکانی پارتی لیبڕاڵ دیموکرات لە ساڵانی ڕابردوودا و بەرزبوونەوەی خهرجی ژیان و قەیرانی ئابوری لەو وڵاتەدا، ئەم حزبە زۆرینەی دەنگی خۆی لە پەرلەمان لەدەستدا، بەڵام دوای دەستلەکارکێشانەوەی دوو وەزیری حزبەکە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی ڕایگشتی و لێدوانەکانی تاکایچی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوری، پێشبینی دەکرێت جارێكی تر ڕێژەی دەنگەکانی ئەم حزبە ڕوو لە زیادبوون بکاتهوه.
بە گوێرەی ڕاپرسییەکان، هاوپەیمانی لیبرال دیموکرات لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانێت لە کۆی ٤٦٥ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران ٣٠٠ کورسی بەدەستبهێنێت.