لە یەکێک لە گەورەترین شەوهکانی پێکداداندا لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی مانگی نیسان، ئەمریکا و ئێران هێرشی چڕیان کردەسەر یەک و دانوستانەکانیان خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
گرژییەکانی شەوی سێشەممە کاتێک دەستیان پێکرد کە سوپای ئەمریکا بە مووشەکێکی جۆری (Hellfire) هێرشی کردە سەر نەوتهەڵگرێک لە نزیک دوورگەی "خارگ" بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان.
لە بەرانبەردا ئێران کەشتییەکی کردە ئامانج و دواتر ئەمریکا بنکەیەکی کۆنترۆڵی سەربازیی ئێرانی لە دوورگەی "قەشم" بۆردومان کرد، ئەمەش وایکرد ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بارەگای فەرماندەیی گەشتی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن.
دوابەدوای هێرشەکانیش واشنتن ڕایگەیاند سەرجەم هێرشەکانی ئێران شکستیان هێناوە و پووچەڵکراونەتەوە.
سەرەڕای ئەم گرژیی و پێکدادانانە، میدیاکانی ئێران ئاماژە بە بەردەوامیی گفتوگۆکان دەکەن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر گەرووی هورمز لە هەفتەی داهاتوودا دەربڕیوە
بەڵام ئاگربەستە لەرزۆکەکە هێشتا لەسەر لێواری داڕوخاندایە، بەتایبەت دوای ئەوەی تاران هەڕەشەی کردووە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان نەوەستن، پرۆسەی دانوستانەکان بە تەواوی ڕادەگرێت.