ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات هاوکاریی بۆ گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ببڕێت و لێیان دوربکەوێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 8ـی ئایاری 2026، کەناڵی "ئێن بی سی نیوز" لە زاری بەرپرسانى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، واشنتن داوای لە بەغداد کردووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بپچڕێنێت.
کەناڵەکە دەشڵێت، ئەمریکا داوای کردووە، عێراق هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی حکومەت و بەهێزکردنی دامەزراوە حکومییەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا، گروپەکانی سەر بە ئێران، زیاتر لە 600 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق.
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گروپە چەکدارەکانی عێراق، چەندین هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.