ڕاستەوخۆ

ئەحمەد تورک: کێشەی کورد منم کە خاکم هەیە، بەڵام ناسنامە و زمانم نییە

reset font size increase font size

سیاسەتمەداری دیاری باکوری کوردستان، ئەحمەد تورک، لە کۆنفرانسی "وەرچەرخانی دیموکراتیی کۆمار لە سەدەی دووەمدا" لە ئەستەنبوڵ، جەختی لە گرنگیی بژاردەی دیموکراتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردەوە و ڕایگەیاند، داواکاریی بنەڕەتیی کورد بریتییە لە ناسنامە، زمان و هاوڵاتیبوونی یەکسان.

ئەحمەد تورک، لە میانی گوتارەکەیدا لەژێر ناونیشانی "سیاسەتی دیموکراتی و هێزی کۆمەڵگە"، ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە ئاستەنگی خەباتی سیاسیی کورد کرد لە سەردەمی پارتی ڕەنجی گەل (HEP)ـەوە تاوەکو ئێستا و گوتی:

 "سەرەڕای گوشار و داخستنی هەشت پارتی سیاسی، ئێمە هەمیشە داکۆکیمان لە کۆبوونەوەی گەلانی کورد و تورک لە دەوری بەها دیموکراتییەکان کردووە.

دەشڵێت، "تەنانەت لە ساڵانی نەوەدەکاندا و لە کاتی تیرۆرکردنی هاوڕێیانی وەک مووسا عەنتەر و مەحمەد سینجار، دەستبەرداری ڕێبازی خەباتی دیموکراتی نەبووین."

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە یادەوەرییەکی ساڵی 1993ی لەگەڵ تورگوت ئۆزال، سەرۆککۆماری کۆچکردووی تورکیا گێڕایەوە کە پێش سەردانەکەیان بۆ شام بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجالان پێی ڕاگەیاندبوون: "چەک چارەسەر نییە و دەبێت سیاسەتی دیموکراتی بەهێز بکرێت."

ناوبراو  ڕەخنەی لە ناڕوونیی پڕۆسەی ئێستای چارەسەری گرت و هۆشدارییدا لەوەی نەبوونی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون، جۆرێک لە بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەدا دروستکردووە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە کورد نابێتە هۆکاری تێکدانی ئاشتی و بە سەبرەوە چاوەڕوان دەبێت.

لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، ئەحمەد تورک بە هێنانەوەی نموونەیەک لە ژیانی خۆی وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری "کورد چی دەوێت؟"

 گوتی: "من منداڵی بنەماڵەیەکی خاوەن زەوی و زاری بەربڵاوم لە کوردستان، بەڵام ناسنامەم نییە، زمانم نییە و گەلەکەم نادیدە دەگیرێت. ئاخر کێشەی کورد منم، کێشەی کورد ڕێک لێرەدایە."

لە کۆتاییدا، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین داوای لە سەرجەم لایەنەکان و هێزە دیموکراتەکانی تورکیا کرد کە زمانێکی کۆکەرەوە و یەکخەر بەکاربهێنن و پڕۆژەی ڕاستەقینە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش پێشکەش بکەن، چونکە بڕوای تەواوی هەیە کە کێشەکان تەنیا لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە چارەسەر دەبن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.