ڕاستەوخۆ

ئێزدییەکان: پێویستە ستاتۆى شەنگال لە دەستورى عێراقدا بناسێندرێت

reset font size increase font size

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال، ئەنجامنامەی شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕیاری ستراتیژی بۆ دوو ساڵی داهاتوو دراون.

کۆنگرەکە بە بەشداری 250 نوێنەر لە 28ـى ئازاری 2026بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر پێویستیی ناساندنی ستاتۆی شەنگال لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و بەهێزکردنی سیستەمی خۆپاراستن کردەوە.

لە ئەنجامنامەکەی کۆنگرەی شەنگالدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێستا ناوچەکە لە ناو جەنگی سێیەمی جیهانیدایە و لە نێوان بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل) و (ئێران)دا دەبەش بووە.

کۆنگرەکە جەختی کردەوە، تەنها ڕێگەی ڕزگاریی ئێزدییەکان و گەلانی ناوچەکە، پەیڕەوکردنی پارادایمی (نەتەوەی دیموکراتیک) و ئەو دەسپێشخەرییە ئاشتییەیە کە لە شوباتی 2025ـەوە دەستی پێکردووە. هەروەها ئازادیی فیزیکیی عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک کلیلی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی جینۆساید لەسەر ئێزدییەکان وەسف کرا.

لە کۆنگرەی شەنگالدا هاتووە، بڕیاردرا لە هەموو گوند و گەڕەکەکانی شەنگال (کۆمۆن) دروست بکرێت بۆ ئەوەی گەل ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە بەڕێوەبردندا، وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەش، بڕیار درا کە ژنان و گەنجان لە هەموو کایەکاندا ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پاراستنی ناسنامەی کلتووری.

ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەنگال ڕایگەیاند، سیاسەتی پەراوێزخستن تەنیا زیانی بە عێراق گەیاندووە، بۆیە داوایان کردووە مافی ئێزدییەکان لە ناو دەستووردا بچەسپێنرێت و شەنگال ببێتە نموونەیەک بۆ (ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک)، کە تێیدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە ئاشتی بژین.

کۆنگرەی شەنگال لە کۆتاییدا چەند ئامانجێکی بۆ دوو ساڵی داهاتوو دەستنیشان کرد:

- کارکردن بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئێزدییانی جیهان لە ژێر چەتری یەک ڕێکخراوی نەتەوەییدا.

- گوشار خستنە سەر ئەو دەوڵەتانەی هێشتا جینۆسایدی ئێزدییانیان (کۆمەڵکوژی 2014) بە فەرمی نەناساندووە.

- بەهێزکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی شەنگال.

- دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ چاککردنەوە و پاراستنی سروشتی شەنگال کە لە ساڵانی شەڕدا تێکدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.