ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردەوە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران هۆشداریی لەبارەی دۆخی مەترسیداری پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی کەشوهەوا لەو وڵاتە دا و ڕایگەیاند کە ساڵانە دەیان هەزار کەس بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
لە بیست و پێنجەمین کۆنگرەی نیشتمانیی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە سەوزەکاندا، سەعید مەحمودی، بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ئاماژەی بەوە دا کە ساڵانە نزیکەی ٤٠ ملیار تۆن کاربۆن و گازی ژەهراوی دەچێتە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە و بەهۆیەوە نزیکەی چواریەکی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی پێشوەختە لە جیهاندا ڕوودەدەن.
بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران ئاشکرای کرد کە تەنها لەو وڵاتەدا ساڵانە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن، کە بە تێکڕا ڕۆژانە دەکاتە گیانلەدەستدانی ١٦٤ کەس.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆسەی گەرمبوونی کەشوهەوا لە ئێراندا بە خێراییەکی زیاتر بەراورد بە تێکڕای جیهان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لە ناوچەیەکی جوگرافیی وشکدا هەڵکەوتووە و ڕێژەی بارانبارینی زۆر کەمترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان.