داواکاری گشتیی شاری ئیسلامشەهر لە پارێزگای تاران ڕایگەیاند، لە کاتی پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم دواییەدا، 100 کەس لەو شارۆچکەیە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بە "تۆڕە دژبەرەکان" ناوزەندی کردن، دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا زۆرینەیان کەسی تەمەن خوار 18 ساڵ (مێرمنداڵ) هەن.
بەرپرسانی دادوەریی ناوچەکە هیچ زانیارییەکی زیاتریان لەسەر ناسنامەی دەستبەسەرکراوەکان، لایەنی دەستگیرکەر، جۆری تۆمەتەکان و دۆخی یاسایی دۆسیەکانیان نەخستووەتە ڕوو.
هاوكات هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان نەدراوە.
ئەم دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵە لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی 40 ڕۆژەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستگیرکردنی هاووڵاتییان، چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکەن بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی دوژمن".
لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە توندبوونی کەشی ئەمنی و بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە مافی هەبوونی پارێزەر دەربڕیوە.