ڕاستەوخۆ

ئێران؛ لەدایکبوونی "دەسەڵاتێکی بۆماوەیی" لە "سیستەمێکی دژە پاشایەتی"دا

reset font size increase font size

رێژنە سەردار

شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ساڵی 1979 خۆی وەک پڕۆژەیەک بۆ دژایەتی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆماوەیی لە مێژووی وڵاته‌كه‌دا ناساند، بەڵام ئێستا بە دانانی موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێبەری نوێ باڵا، دژایەتییە گەورەکەی ئەو سیستەمەی کە لە شۆڕشەوە سەریهەڵدا، دەرکەوتووە.

ئەو دژایەتییە چییە؟ ڕەگ و ڕیشەی چین؟ حکومەت چۆن پاساوی بۆ دەهێنێتەوە؟ وە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی لەگەڵیدا چی دەبێت؟

خومەینی؛ سەرکردە یان خەلیفە؟

پاشایەتی، کۆنترین سیستەم سیاسی جیهانە و نزیکەی لە هەموویاندا گواستنەوەی دەسەڵات بۆماوەییە، لە باوكەوە بۆ كوڕ. ئەم جۆرە سیستەمە سیاسییە، کە تا ئێستاش لە زۆرێک لە وڵاتاندا (بە فۆرمێکی مۆدێرن و دەستووری) ماوه‌ته‌وه‌ و لایەنگری تایبه‌تی خۆی هەیە و تیۆریستەکانیش بە ڕیزکردنی كۆمه‌ڵێك تایبەتمەندی بەرگرییان لێکردووە.

لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕوحوڵڵا خومەینی، کە ئاوارەی شاری نەجەفی عێراق بوو، لە زنجیرەیەک وتاردا، دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆماوەیی وەستایەوە، کە دواتر لە شێوەی کتێبێکدا بە ناوی "دەوڵەتی ئیسلامی" بڵاوکرایەوە.

 بەڵام دژایەتییەکەی لەژێر کاریگەریی تیۆریستەکانی ڕۆژئاوادا دژی دەسەڵاتی پاشایەتی نەبوو، بەڵکو تامێکی ئایینیی هەبوو و بەڵگەی ئایینی بۆ ڕوونکردنەوە و گه‌یاندنی بۆچوونەکانی بەکاردەهێنا.

خومەینی لە یەکەم گوتاری ئەم زنجیرەیەدا گوتی: پاشایەتی و جێنشینی دەسەڵاتێکی خراپ و درۆینەن. ئەمانە لە ئیسلامدا نین. ئیسلام خاوەنی پاشایەتی و جێنشینی نییە.

خومەینی، دوورخستنەوەی شا و فکرەی دانانی"ویلایەتی فەقیه"ی لەگەڵ ئەو فەرموودەیە یەکدەخستەوە کە دەڵێت "الملووک حاکم الناس، و عولمە حەکام المولوک" (پاشاکان فەرمانڕەوای گەلن، و زانایان فەرمانڕەوای پاشاکان).

مامەڵەی دووفاقی عەلی خامنەیی لەگەڵ دەسەڵاتی بۆماوەیی

عەلی خامنەیی، لە ماوەی نزیکەی 37 ساڵەی سەرکردایەتیدا لە وتارەکانیدا لە دژی سیستمە بۆ ماوەییەکان قسەی دەکرد.

بۆ نموونه له ساڵی 2005 دا وتی؛ "خومەینی فێریکردوین حوکمڕانی ئیسلامی له ڕێگەی هەڵبژاردنه وه دیاریبکرێن، ئەمڕۆ له وڵاتی ئێمەدا بەرپرسان له ئاسته جۆراوجۆرەکاندا لەلایەن خەڵكەوه هەڵدەبژێردرێن؛ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەرپرسیارێتی بۆماوەیی له سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا نییه."

تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا کە بژاردەی جێنشینی موجتەبا خامنەیی بۆ جێنشینی باوکی هاتە ئاراوە، بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەوانەش بەشێک لە ئەندامانی مەجلیسی شارەزایان، باسیان لەوە دەکرد، ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی “ڕازی نەبووە” لەگەڵ ئەم بژاردەیە.

سەرەڕای ئەم ده‌نگۆیانه‌، عەلی خامنەیی، هەرگیز بە ئاشکرا و بە فەرمی دژایەتی ئەگەری هەڵبژاردنی کوڕەکەی وەک جێنشینی خۆی نەکرد و بەمەش ڕێگای لەسەرکردایەتیکردنی کوڕەکەی بۆ داهاتوو نەگرت.

ساڵانێکی دورودرێژ، لە سەردەمی سەرکردایەتی عەلی خامنەیی، هەموو ڕکابەرەکانی موجتەبا بۆ بوون بە ڕێبەر، لە ڕووی جەستەییەوە یان کەسایەتییەوە لەناوچوون.

شیعە، ئایدۆلۆژیایەکی بۆماوەیی؟

هەرچەندە ئەو دوو ڕێبەرەی پێشووی شیعەی کۆماری ئیسلامی، نەریتی "میرات"یان لە حکومەتە ئیسلامییەکان ڕەتکردەوە و حکومەتەکانی وەک خەلافەتی ئومەوی و عەباسییان بە “بیدعە” لە ئیسلامدا ناوزەند دەکرد، بەڵام دەرکەوت دیاردەی "ئیمامیەت" لە خودی شیعەدا پرسێکی بۆماوەییە.

شیعەکان پێیانوایە دوانزە ئیمامەکە، وەک پێغەمبەران لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی ببنە ئیمام، لە تیۆری زانایانی ئەبراردا، "ئیمامی عەلی لەلایەن پێغەمبەری خوداوە بۆ ئیمامی دانراوە و دەستنیشان کراوە، هەروەها هەموو ئیمامێک لەلایەن ئیمامی پێشووەوە دانراوە و دەستنیشان کراوە، بۆیە بەڵگەی دانانی ئیمامەکان لەلایەن خوداوە پێناچێت تەواوبێت."

هەروەها زیادبوونی ژمارەی مەزارگەکان بە ناوی “ئیمامزادە” لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەوڵێک بووە بۆ بەهێزکردنی کولتووری بۆماوەیی شیعە.

 

ئایا هەڵبژاردنی موجتەبا هەڵبژاردەیەکی بۆماوەییە؟

یاساکانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە ناکەن کە کوڕ یان کەسوکاری ڕێبەر ناتوانێت ببیتە جێنشین، بەڵام چاودێران دەپرسن موجتەبا خامنەیی جگە لەوەی کوڕی عەلی خامنەییە چ تایبەتمەندییەکی هەیە کە وایلێبکات شیاوی ڕێبەری باڵای ئیران بێت؟.

مەجلیسی شارەزایان کە بەرپرسیارە لە دانان و دوورخستنەوەی سەرکردە، بووەتە مەجلیسێکی تاڕادەیەک پاشکۆ، کە لە دەیەکانی ڕابردوودا كاریگه‌ری رێبەری باڵا به‌سه‌ریدا زاڵ بووە؛ بە هۆی بێبەشکردنیان مافی ڕەخنەگرتن و تەنانەت ئەو کەسایەتییە حکومییانەش کە لە هەندێک بابەتی سیاسیدا تەنیا ناکۆکییەکی کەمیان لەگەڵ ڕێبەردا هەبوو، وەک حەسەن خومەینی و حەسەن ڕۆحانی، نەیانتوانی بچنە ناو ئەم مەجلیسەوە.

بڕیار بوو ئەم مەجلیسە لەسەر بنەمای پێوەرەکان ڕێبەری نوێ هەڵبژێرێت، کە هیچ کامیان باسی پەیوەندی بنەماڵەیی نەدەکرد، بەڵام ئێستا میدیا  و بەرپرسان زیاتر جەخت لەسەر "بنەچەی بنەماڵەیی" ئەو دەکەنەوە لە بەرگریکردن لە موجتەبا خامنەیی.

دروشمەکانی وەک "رێگای خودا ڕوونە، کە خامنەیی گەنجە" یان "ناوی خامنەیی وەک ڕێبەری ئێران بەردەوام دەبێت" بە ڕوونی ئاماژەن بۆ گرنگی پەیوەندی خوێنی ڕێبەری نوێ لەگەڵ ڕێبەری پێشوو لە ڕوانگەی حکومەتەوە.

بنەمای گەیشتن بە "هەڵبژاردنی بۆماوەیی"

بۆچونێکی باوهەیە کە پێی وایە هۆکاری مەیلی حکومەت بۆ هەڵبژاردنی بۆماوەیی، بچوکبونەوەی بازنەی ئەو کەسانەیە متمانەی پێیان هه‌یه‌.

مێهرزاد بۆروجێردی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئێران  لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نوێ لە سەرکردایەتی ئەم سیستەمەدا دەترسان، چونکە چینی دەسەڵاتدار، هەمیشە دەیەوێت بمێنێتەوە و ئیمتیازاتەکانی و سەقامگیریی پێگەی خۆی بپارێزێت، کە بێگومان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا مسۆگەرترە، بۆیە موجتەبایان هەڵبژارد."

ئایا سروشتی “کۆماری ئیسلامی” گۆڕاوە؟

هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، دەرئەنجامی بە“ئەفسانە”کردنی عەلی خامنەیی لە نێو لایەنگرانیدا بووە. ڕەزا عەلیجانی دەڵێ: ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ژیاندا بمێنێتەوە و موجتەباش هێندە بژی، کاتێکی زۆری دەوێت تا بیکەن بە ئەفسانە.

سەرەڕای هەوڵەکانی میدیای ئێران، ئێستا گەورەترین تەحەدای بەردەم حکومەت، قەناعەت پێکردنی بیروڕای گشتی و لەوەش گرنگتر چینی سیاسییە لە ئێراندایە، بە گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆماوەیی لەو شێوەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.